دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

توێژینەوەیەک: کەمکردنەوەی شەکر لە تەمەنی منداڵیدا مەترسی تووشبوون بە خەڵەفان کەم دەکاتەوە

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکی زانستیدا بڵاویکردەوە، زانایان لە ڕێگەی توێژینەوەیەکی نوێوە ئاشکرایان کردووە کە کەمخواردنی شەکر لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەندا، یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ پاراستنی مێشک لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تێکچوونی عەقڵ و خەڵەفان (زەهایمەر) لە تەمەنی پیریدا.

توێژینەوەکە پشتی بە شیکردنەوەی داتاکانی سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووەم بەستووە لە بەریتانیا، کاتێک سیستمی بەشەخۆراک و سنووردارکردنی شەکر کۆتایی پێهات و بەکاربردنی شەکر لە ناو خێزانەکاندا بە خێرایی بەرزبووەوە.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریانخستووە، ئەو کەسانەی لە قۆناغی سەرەتایی منداڵییاندا (تا تەمەنی دوو ساڵی) شەکری کەمباویان خواردووە، لە تەمەنی پیریدا مەترسی تووشبوونیان بە خەڵەفان بە ڕێژەی ٢٣٪ کەمتر بووە بە بەراورد بەوانی دیکە. بەپێی ئامارەکان، دوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شەکر لە ئەیلوولی ١٩٥٣، تێکڕای خواردنی شەکر لەلایەن تاکەکەسەوە لە ٤١ گرامەوە بۆ ٨٠ گرام لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە، ئەمەش نەک هەر کاریگەری لەسەر مێشک هەبووە، بەڵکو لە توێژینەوەکانی پێشتریشدا بەستراوەتەوە بە زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە قۆناغەکانی دواتری تەمەندا.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە ١٠٠٠ ڕۆژی یەکەمی تەمەنی مرۆڤ گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ دیاریکردنی دۆخی تەندروستی لە داهاتوودا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP