هەرێم نیوز
پڕۆفیسۆری کۆمەڵناسی، سفیتلانا بارماتوفا ڕایگەیاندووە کە هاوسەرگیری بۆ پیاوان وەک شاشەپارێزی مۆبایلە زیرەکەکان وایە، چونکە لە شۆک و کەوتن دەیانپارێزێت و تەمەنیان درێژ دەکات.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو پیاوە هاوسەردارانەی لە تەمەنی کارکردن دان لە نێوان ٢٥ بۆ ٥٤ ساڵ، ڕێژەی مردنیان دوو هێندە بۆ سێ هێندە کەمترە بە بەراورد بە پیاوانی ڕەبەن.
ئەمەش بۆ دوو هۆکاری زانستی دەگەڕێتەوە کە بریتین لە "کاریگەریی پاراستن" و "کاریگەریی هەڵبژاردن"؛ بەشێوەیەک کە هاوسەرەکە ڕۆڵی وەزیری تەندروستی خێزان دەگێڕێت و هاوسەرەکەی لە خواردنەوەی کحول و زیانگەیاندن بە خۆی دەپارێزێت و لە کاتی خۆیدا دەیبات بۆ لای پزیشک، لە لایەکی تریشەوە پیاوانی تەندروست و ئامادە زیاتر ڕوودەکەنە هاوسەرگیری و پیاوە نەخۆش و توندوتیژەکان بە ڕەبەنی دەمێننەوە.
لە بەرامبەردا، ژنان ئەرکێکی زۆر قورستر لە هاوسەرگیریدا دەگرنە ئەستۆ کە خۆی لە ماندووبوونی دووقات لە ماڵ و دەرەوە، تێکچوونی باری دەروونی لە بەڕێوەبردنی خێزان و نایەکسانی لە پێشکەشکردنی چاودێریدا دەبینێتەوە، بەجۆرێک ژنان دوو بۆ دوو هێندە و نیو زیاتر لە پیاوان کات لە کاروباری ماڵەوەدا بەسەر دەبەن کە وەک ڕۆژێکی کاری بێ مووچە و بێ پشوو وایە.
بەم شێوەیە پیاوان لە هاوسەرگیریدا تەنها وەرگری چاودێرین نەک بەخشەری، ئەمەش وایکردووە هاوسەرگیری تەمەنی پیاوان درێژ بکات.