هەرێم نیوز
لە پەرەسەندنێکی خێرای هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی ٥٥ ڕۆژ بەسەر واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، و دوای ١٦٤ ڕۆژ لە هەڵگیرسانی جەنگ، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی بەرفراوانی لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی سەربازیی وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند کە ٦ پۆستی سەرەکی لە هێزە چەکدارەکان، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هێزەکانی بەسیج دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، دەستنیشانکردنە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
لیوا عەلی عەبدوڵڵایی وەک سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
موقەدەم کیومەرس حەیدەری وەک جێگری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتی.
لیوا ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران.
لیوا مستەفا ئیزەدی وەک جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران.
موقەدەم عەلی عەزمایی وەک فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.
حسێن تائیب وەک سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیج (تەعبیەی شەعبی).
ئەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمیندارێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دیاریکرابوو.
تاران لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە پەیامی یەکگرتوویی و تۆکمەیی بەرەی ناوخۆیی لە دژی فشارە دەرەکییەکان دەدات.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە مامەڵەکردنی واشنتن لەگەڵ تاران بە هێمنی و بەبێ گرژی و ئاڵۆزی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرتنەبەری ستراتیژیەتێکی جیاواز لەلایەن ئەمریکاوە بەرامبەر بەم گۆڕانکارییە ناوخۆییانەی ئێران.