دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسایشی حەسەکە لەبارەی گرژییەکانی سەرێ کانی ڕوونکردنەوە دەدات

هەرێم نیوز

فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دروستبوونی ئاڵۆزی لە کاتی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەرێ کانی بڵاو کردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی مافی گەڕاوەکان کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە ڕایگەیاند، ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی کورد بەپێی هەماهەنگیی پێشوەختە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە شاری سەرێ کانی، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی و گرژی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە ئێستادا لە ناو ماڵەکانی ئەواندا نیشتەجێن.

ئاسایشی حەسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان دەستبەجێ دەستوەردانیان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و هێورکردنەوەی دۆخەکە. هاوکات ئەو ڕاپۆرت و دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن خێزانە ئاوارەکانی غوێران یان حەسەکە دەستوەردانیان کردبێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لەوەی خێزانە گەڕاوەکان بچنەوە ناو ماڵەکانیان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ جەختی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافی گەڕاوەکان و پاراستنی سەلامەتیی سەرجەم هاووڵاتییان، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکە و لێکەوتەکانی دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP