هەرێم نیوز
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانیان و پاراستنی ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگیی زۆر باشیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵ بۆ کاتی کشانەوە و قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، هەماهەنگیی باڵای لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لەبارەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان).
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیارە تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە و بارەگاکانیان ڕادەست بوبکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکراشی کرد کە بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، داوایان لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کردووە بە مەبەستی ڕاوێژدان و هەماهەنگیی هەواڵگری لە عێراق ئامادەییان هەبێت.