هەرێم نیوز
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی پێویستی بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دابین کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی 8ـی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە،، دوای پەیوەندیکردنیان بە فەرمانگەکانی ژمێریاری، بودجە و نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق، دڵنیایان کردوونەتەوە کە پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە..
ئاماژەی بەوەش کردووە،، تێکڕای ڕێکارە ئیداری و یاساییەکان کۆتایییان هاتووە و تەنیا بڕیاری کۆتایی بۆ خەرجکردنی پارەکە ماوەتەوە. جەختیشی کردەوە کە خەرجکردنی مووچەکە بە هەمان شێوازی مانگەکانی پێشوو دەبێت و بڕی ١٢٠ ملیار دیناری لێ دەبڕدرێت.
لە کۆتاییدا گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی بڵاویکردەوە،، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی دووشەممە یان سێشەممەدا، بڕیاری فەرمی و کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بدرێت.