هەرێم نیوز
هاوکات لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری پێشووی کار، دادگای بەغدا بە فەرمی داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێک هەڵبگرێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵی و کۆمپانیا وەهمییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی 8ـی 2026، بەگوێرەی نوسراوێک ئاراسەت دادگای کەرخ کراوە ، هاوکات لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار، لەسەر دۆسیەی خۆدەوڵەمەندکردنی نایاسایی و گەندەڵیکردن لە گرێبەستی دەستی کاری بیانی و کۆمپانیای وەهمی، دادگای بەغدا داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (نازم ئەسەدی) هەڵبگرێت.
داواکارییەکەی دادگا بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە، بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایییە بەرامبەری لەسەر تێوەگلانی لە هەمان دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە گرێبەستی کرێکار و دەستی کاری بیانی و دروستکردنی کۆمپانیای وەهمی.
پێشتر لە مانگی ڕابردوودا، نازم ئەسەدی لە تۆمارێکی دەنگیدا دانی بەوەدا نابوو کە ئامادەیە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی هاوکاریی دادگا بکات، و پشتڕاستیشی کردەوە کە دەست بەسەر پارەکانیدا گیراوە.
لە تۆمارەکەدا ئەسەدی دەڵێت: "من لە دەرەوەی عێراق بووم بۆ چارەسەر، یەکێک لە کەسە نزیکەکانم هەڵسوکەوتێکی کردووە و ئەمەش گومانی گەندەڵیی دروست کردووە و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە."
لە لایەکی دیکەوە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە، میدیاکانی عێراق ئاشکرایان کردووە کە دوو هێزی سەر بە دەستەی دەستپاکی چوونەتە سەر دوو کێڵگە (مەزرەعە) لە ناوچەی زەعفەرانییەی باشووری بەغدا، کە یەکێکیان موڵکی شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (خەدەمات)ـە، و ئەوی دیکەیان موڵکی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگییە.