دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

قاسم عەبوودی: عێراق کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکات

هەرێم نیوز

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق لە ئێستادا کار لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆی دەکات لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابووری، هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا و چەسپاندنی ئاسایشی وڵات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی 8ـی 2026، قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێشوازیی لە ئادەم یانسن، سەرپەرشتیاری کاتیی شاندی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشیی نێوان عێراق و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە سەرجەم بوارەکاندا بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق کرا.

عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق خوازیارە ئارامی و ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە لە ڕێگەی دروستکردنی متمانە لە نێوان سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گەشەپێدانی بەردەوام و خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق گرنگی بەوە دەدات کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێدا هەبێت لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕوونیشی کردەوە، حکوومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی تایبەت بە بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابووری، کۆنتڕۆڵکردنی چەک و قەتیسکردنی تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ چەسپاندنی زیاتری ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا.

لە بەرامبەردا، ئادەم یانسن پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپای بۆ حکوومەتی عێراق دووپات کردەوە لە جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکان، بەتایبەتی لە بواری چاکسازییە ئەمنییەکان لەناو وەزارەتەکان و جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی، کە ڕێڕەوێک بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاسایش بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دادەڕێژێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP