هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاشکرای کرد، دوای ساڵ و نیوێک لە دانوستان و گفتوگۆ، لەگەڵ ڕووسیا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ گۆڕینی بنکە سەربازییەکانی (حەمەیمیم) و (تەرتووس) بۆ ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش و ڕادەستکردنەوەی بەشە مەدەنییەکانیان بە حکوومەتی سووریا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی 8ـی 2026، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) لە زاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، دوای ساڵ و نیوێک لە دانوستان و گفتوگۆی چڕ بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی دەرەوە، دواجار چارەنووسی هەردوو بنکەی ڕووسیا لە (حەمەیمیم) و (تەرتووس) لە ڕێگەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنەوە یەکلایی کرایەوە، کە قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دیاری دەکات.
بەپێی یاداشتەکە، پرۆسەی ڕێکخستنەوەی بوونی ڕووسیا لە کەناراوەکانی سووریا بەوە دەست پێ دەکات کە دەوڵەتی سووریا ئەرکی ئیدارەدانی دامەزراوە مەدەنییەکان دەگرێتە ئەستۆ، لە پێش هەمووشیانەوە بنکەی ئاسمانیی (حەمەیمیم) و سەکۆی چوارەمی بازرگانی لە بەندەری (تەرتووس)، بەمەش وردە وردە دەخرێنە ناو سیستەمی ئیدارەی مەدەنیی وڵاتەکەوە.
سەبارەت بە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پێناسەکردنەوەی ئەرکی ئەو دامەزراوانە، بە جۆرێک کە لە بنکەی سەربازییەوە بکرێن بە ناوەندی مەشق و ڕاهێنان و نۆژەنکردنەوەی هاوبەش، لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی نوێدا کە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بپارێزێت.
لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا ماوەیەک کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت دیاری کراوە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕانکارییەکە، و دوای ئەوە ڕێکخستنە نوێیەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئەم ڕێککەوتنە بە گرنگترین هەنگاو دەزانێت لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە، کە دەرگا بە ڕووی قۆناغێکی جیاواز لە پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ڕووسیادا دەکاتەوە.