هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی بۆ مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی دامەزراوی نوێ ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرا.
هاوكات لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەست، دەست کرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە لە دوای ١ی تەممووزی ٢٠٢٤ـەوە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
ئاماری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێم
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان ٨٦ هەزار و ٧٩١ فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگا جیاوازەکاندا کار دەکەن. لەو ژمارەیەش نزیکەی ٣٨ هەزاریان مامۆستان و مانگانە شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.