هەرێم نیوز
سوپای پاسداران هەڕەشەیەکی توند ئاڕاستەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و وڵاتانی کەنداو دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەر وڵاتێک خاک یان ئاسمانی خۆی بۆ هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران بڕەخسێنێت، ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازی دەبێتەوە.
هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە بەریتانیا و کەنداو
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی ڕایگەیاند: "هەر وڵاتێک، چ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بێت، یان دەوڵەتانی کەنداو، یان هەر شوێنێکی دیکە، ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا بکات لە شەڕەکەدا و خاک و ئاسمانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، دەبێتە ئامانجێکی ڕەوا بۆ هێزەکانمان."
وتەبێژی سوپای پاسداران هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی لەندەن و گوتی: "بەداخەوە بەریتانیا پێشینەیەکی ڕەشی لە ناوچەکەدا هەیە و سەرچاوەی دابەشکاریی وڵاتانی ئیسلامیی بووە. بەریتانیا لە بابەتە سیاسییەکاندا هەمیشە پاشکۆی ئەمریکا بووە و ئیرادەی بە تەواوی لە دەستی واشنتۆندایە."
بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکان لەلایەن بۆمبهاوێژەکانی B-1
موحیبی جەختی لەوەش کردەوە کە لەم دواییانەدا فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی ئەمریکا لە جۆری (B-1) فڕۆکەخانەکانی بەریتانیایان بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان، و ئاگەدارینامەی دایە ئەو وڵاتانە کە ئەگەر هاوکار بن لە هێرشکردنە سەر ئێران، دەبنە ئامانجی ڕەوا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە کە ئێران بۆ هەموو سناریۆ و پێشهاتێک ئامادەکاریی تەواوی کردووە و بەرنامەی دیاریکراوی هەیە.