دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی زەمینی دەکات

هەرێم نیوز

محەممەد حەسەن قەدیری، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئوسترالیا ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی زەمینی بۆ سەر وڵاتەکەیان کردووە و ئامانج لێی داگیرکردنی بەشێک لە خاک و دوورگەکانی ئێرانە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر جۆرە هێرشێک تووشی شکست دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 7ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، محەممەد حەسەن قەدیری، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئوسترالیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (دیدەبان ئیران) ڕایگەیاند، ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە خۆی بۆ هێرشێکی زەمینی بۆ سەر ئێران ئامادە کردووە و ئەگەری هەیە ئەم هەنگاوە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا یان لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی ئەو هێرشە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێرانە، کە خۆی لە دوورگەکان، کەناراوەکان و ناوچە سنوورییەکان دەبینێتەوە.

 بە وتەی ئەو بەرپرسە پێشووەی ئێران، واشنتن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سەربازی پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس پێویستی بەم هەنگاوە هەیە، بەڵام پێشبینی دەکات ئەو هێرشە تووشی شکست ببێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، باڵیۆزی پێشووی ئێران ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە باوەڕیان بە چارەسەری دیپلۆماسی هەیە و ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی پێیان وایە لە ڕێگەی دانوستانەوە دەکرێت لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن، هێشتا لەناو وەهمدا دەژین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP