دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل: ئێران تەنیا کات دەکڕێت و چانسی ڕێککەوتن سفرە

هەرێم نیوز

پێگەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل ئامادەکاریی تەواوی بۆ هێرشێکی گەورەی ئەمریکا دژی ئێران کردبوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دوای نێوەندگیریی عومان و قەتەر، دەرفەتێکی دیکەی بە تاران داوە، هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە چانسی ڕێککەوتنی کۆتایی سفرە.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 7ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت)ی ئیسرائیلی، دوێنێ تەلئەڤیڤ لە ئامادەکاریی تەواودا بووە بۆ هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی ئەمریکا دژی ئێران، بەڵام دواتر تێگەیشتوون کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاشەکشەی لە بڕیارەکە کردووە و دوایین دەرفەتی داوەتە تاران پێش دەستپێکردنی بۆردوومانەکان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، عومان و قەتەر فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بەرپرسانی ئێران بۆ ئەوەی نەرمی بنوێنن پێش دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکان. لە ئەنجامی ئەم نێوەندگیرییەشدا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 13 شەوی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ هێرشێکی نوێی دژی ئێران ئەنجام نەداوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، ترەمپ نایەوێت هێرش بکات، بەڵام پێی وایە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەماوە. سەرەڕای دواخستنی هێرشەکانیش، هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیان وایە چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێراندا سفرە، ئەو هەنگاوانەش کە تاران لەم چەند کاتژمێرەدا ناوێتی تەنیا بۆ کڕینی کات بووە تا لە هێرشەکان دوور بکەوێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP