هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە کەمکردنەوەی تێچووی دەرکردنی پاسپۆرت دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەی نەداوە و نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی 7ـی 2026، عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی کەمکردنەوەی پارەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بڵاوکراونەتەوە، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە و نرخەکە ماوەی ٣ ساڵە بە ٩١ هەزار دینار جێگیر کراوە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕوونی کردەوە، ئەم نرخە بەستراوەتەوە بە گرێبەستێکی ١٠ ساڵەی نێوان حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، بۆیە ئەگەر حکومەت بیەوێت نرخەکە کەم بکاتەوە، دەبێت بۆ ٧ ساڵی داهاتوو قەرەبوویەکی دارایی زۆری ئەو کۆمپانیایە بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کەمکردنەوەی نرخەکە لە ئێستادا کارێکی زۆر قورس بێت، چونکە بەغدا چوارچێوەیەکی دارایی بۆ گرتنەئەستۆی ئەو قەرەبووە ئامادە نەکردووە.
سەبارەت بە سەرچاوەی دەنگۆکەش، عەمید سالار عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا پێشنیاری پەرلەمانتارێک بووە بۆ حکومەت، نەک پڕۆژەیاسا یان بڕیارێکی فەرمی.
پێشتر پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاندبوو تێچووی ڕاستەقینەی پاسپۆرت تەنیا ١٠ هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و هەوڵی کەمکردنەوەی دەدەن.