هەرێم نیوز
ڕێگەپێدراو و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی "بانکی نیشتمان" ڕاگەیەندراوێکی هۆشیاریی بۆ ڕای گشتی و میدیاکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هەواڵ و لێدوانە ڕۆژنامەوانییانەی لەسەر هەنگاوەکانی بانکەکە و خزمەتگوزارییەکانی داهاتووی بڵاودەکرێنەوە، زۆر جار زیادەڕۆیی و ناڕاستییان تێدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی 7ـی 2026، د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان ڕایگەیاند، لە ئێستادا هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکەکە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و پرۆسەی تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەشەکان و فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت.
له ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هەر زانیاری و بەرەوپێشچوونێک لەسەر قۆناغەکانی داهاتووی بانکەکە لەئارادابێت، بە شێوەیەکی فەرمی تەنیا لە لاپەڕەی وەزارەتی دارایی بڵاودەکرێتەوە.
هاوكات ئاماژە بەوەش کراوە کە هەر کەس، لایەن یان بەرپرسێک لە وەزارەتە جیاوازەکانی دیکە لێدوان و شیکردنەوە لەسەر هەنگاوەکانی ئەو بانکە بدات، تەنیا گوزارشت لە ڕای تایبەتیی خۆی دەکات و وەزارەتی دارایی هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی لەو لێدوانانە هەڵناگرێت.