دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

کۆشکی سپی: دەسەڵاتی ئێران دابەشبووە و بەشێکیان پشتیوانی لە ڕێککەوتن دەکەن

هەرێم نیوز

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئێران لەسەر پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن دابەشبووە و بەشێکیان پشتیوانی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ دەکەن، هاوکت جەختی لەوەش کردەوە کە دانوستانەکان سەرەڕای لێدانە سەربازییەکانی ئەم دواییە بەردەوامن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 7ـی 2026، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، ئێران دابەشبووە و بەشێکی پشتیوانی لە گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران هێشتا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا و خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربڕیوە، و دانوستانەکان سەرەڕای لێدانەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ئێران بەهۆی پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کۆتاییان نەهاتووە.

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ جیهانی سەلماند کە واشنتۆن دەتوانێت لە هەر کات و شوێنێکدا بێت لە ئێران بدات. 

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە کراوەیە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، چونکە باوەڕی بە بنەمای بەدەستهێنانی ئاشتی هەیە لە ڕێگەی هێزەوە، و لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئێران هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP