دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە؛ دەوامی فەرمی لە کەرکووک کەم کرایەوە

هەرێم نیوز

پارێزگاری کەرکووک بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرماوە، بڕیاری کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوامی فەرمی لە دیوانی پارێزگا و فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکانی سنوورەکە بۆ شەش کاتژمێر ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 7ـی 2026، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە بڕیاردراوە کاتی دەوامی فەرمی لە دیوانی پارێزگا، فەرمانگەکان، و یەکە کارگێڕییەکان کەم بکرێتەوە بۆ شەش کاتژمێر.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ کراوە و تاوەکو ڕێککەوتی 31ـی 8ـی 2026 بەردەوام دەبێت.

پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما لەنێوان کاتژمێر 11:00ی بەیانی تا 4:00ی پاشنیوەڕۆ دەگەنە بەرزترین ئاست. 

وتەبێژی پارێزگاکە لە چوارچێوەی ڕێنماییە تەندروستییەکاندا داوای لە هاووڵاتییان بە تایبەت منداڵان و بەتەمەنەکان کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لەو کاتانەدا خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن و ئاو زۆر بخۆنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP