هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە هەڵمەتێکی لێکۆڵینەوەدا لە کەرکووک، توانییان شەش فەرمانبەری بازگەیەکی گومرگی دەستگیر بکەن کە سەرانەیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.
پەکخستنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە پێناو بەرتیلدا
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی و بەپێی فەرمانی دادوەر، شەش فەرمانبەری بازگەی گومرگی نێوان کەرکووک-هەولێر دەستگیرکراون.
بەپێی ڕوونکردنەوەی دەستەکە، دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بەوەی بە ئەنقەست ڕێگرییان لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و شۆفێران کردووە، سەرەڕای ئەوەی مامەڵەکانیان بە تەواوی یاسایی، ڕاست و بێ کێشە بوون. ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هاتووە کە دەرکەوتووە ئەو فەرمانبەرانە لە بەرامبەر تەواوکردنی کارە یاساییەکاندا، داوای سەرانە و وەرگرتنی پارەیان بە نایاسایی کردووە.
ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ بەردەم دادگا
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پێناو جێبەجێکردنی یاسا و نەهێشتنی گەندەڵی، هەر شەش تۆمەتبارەکە بەپێی بڕیاری ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣ ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون، تاوەکو تەواوی ڕێکارە یاساییەکانیان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و بەپێی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای خۆیان وەربگرن.