هەرێم نیوز
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگییە بەهێزەکانی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، هەردوو حکوومەت پێکەوە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 7ـی 2026، نووسینگەکە ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە تاوەکوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ پێکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی کار بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی ئەو هاریکارییەی نێوان هەردوولا، ڕێکاری پێویست بەرامبەر گەندەڵکاران گیراوەتەبەر و بڕێکی زۆری پارە، زێڕ و سامان گەڕێنراوەتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.
لەو چوارچێوەیەشدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەردا گیراویان ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراقی فیدراڵ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بەم هاوئاهەنگییە لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و پەرەپێدانی سەروەریی یاسا.