هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی فەرمیی کۆبوونەوەکەش، دۆسیەی ئابووری و وەبەرهێنان جێگەی هەماهەنگییە سەربازییەکان دەگرێتەوە.
کاتنامەی دیداری لوتکەی نێوان ترەمپ و زەیدی
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەگوێرەی خشتە و ئەجێندای کارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی واشنتۆن، ترەمپ و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.
بەپێی کارنامەکە، کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتۆن (کە دەکاتە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بە کاتی بەغدا و هەولێر)، سەرۆک ترەمپ بە فەرمی پێشوازی لە عەلی زەیدی دەکات.
دواتر و لە کاتژمێر ١١:١٥ خولەکدا، دیدارێکی دووقۆڵیی گرنگ و تایبەت لە نێوان هەردوو سەرۆکدا دەست پێدەکات بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەستیارەکان.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ دووشەممە بە یاوەریکردنی شاندێکی حکومیی باڵا کە لە ٢٧ وەزیر، بەرپرسی باڵا و ڕاوێژکاری جیاواز پێکهاتوون، گەیشتە واشنتۆنی پایتەخت. لە یەکەم چالاکیی دیپلۆماسیشیدا، درەنگانی شەوی ڕابردوو بە کاتی عێراق، زەیدی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و دەروازەی گفتوگۆکانی کردەوە.
ئامانجی سەرەکیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم سەردانە مێژووییەیدا، گۆڕینی شێوازی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراقە لە هاوبەشییەکی تەنها ئەمنی و سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی گشتگیری ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی و گەشەپێدان. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوە فەرمییەکەی ئەمڕۆی کۆشکی سپیدا، ترەمپ و زەیدی گفتوگۆی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەم نەخشەڕێگە نوێیە ئەنجام بدەن کە سوودی دارایی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت.