دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەبدوللەتیف ئەحمەد: بڕیارم داوە بۆ ماوەیەک وتار نەدەم

هەرێم نیوز

د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی و لایەنگرانی، ڕایگەیاند کە بە مەبەستی سووککردنی باری سەر شانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و ڕێگریکردن لە هەر گرژییەک، بڕیاری داوە بۆ ماوەیەک لە وتاردان دوور بکەوێتەوە.

لەو پەیامەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی 7ـی 2026، بڵاوی کردووەتەوە، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە ئەوقاف پێی ڕاگەیاندووە بەردەوام بێت لە وتاردان، بەڵام فشاری زۆری لەسەرە.

 ناوبراو ئەم دوورکەوتنەوەیەی بە "کاتی" ناو بردووە و جەختی کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی دادگاوە مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆی وەردەگرێتەوە، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی کەیسەکەی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سوپاسی پشتگیری و دڵسۆزیی لایەنگرانی کردووە و داوای لێ کردوون لە دوعای خێر بێبەشی نەکەن.

دەقی پەیامەکەی د. عەبدولــلەتیف ئەحمەد :
ئاگادارییەک بۆ موسوڵمانانی خۆشەویست و لایەنی پەیوەندی دار..
السلام عليكم ورحمة الله وبركاته 

وەک هەموان ئاگادارن، لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێکی ناڕەوا و بێ بنەمای یاسایی دژی من دەرکرا، کە بەو هۆیەوە لە وەزیفەکەم دوورخرامەوە. بەڵام وا دیارە نەیاران و خاوەن دڵە نەخۆشەکان هێشتا ئۆقرەیان نەگرتووە و ئیسراحەتیان نەکردووە، بۆیە فشاری زۆریان خستووەتە سەر بەڕێوبەرایەتی ئەوقاف بەمەبەستی ڕێگریکردن لە وتاردانم.

لێرەوە بە پێویستی دەزانم ئەم چەند خاڵەتان بۆ ڕوون بکەمەوە:

- هەرچەندە لەلایەن ئەوقافەوە پێم ڕاگەیەندرا کە بەردەوام بم لە پێشکەشکردنی وتارەکانم، بەڵام من چاک دەزانم کە فشاری زۆر و قورسیان لەسەرە.

- ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، پیلانێکی زۆر گەورەترە لەوەی دەبینرێت.

- بۆ ئەوەی باری سەر شانی ئەوانیش سووک بکەم و ڕێگری لە هەر گرژییەک بکەم، بڕیارم دا بۆ ماوەیەک پشوویەک بدەم و وتار نەدەم.

- ئەم دوورکەوتنەوەیە کاتی دەبێت، تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی دادگاوە بە پشتیوانی و سەرکەوتنی خوای گەورە، هەموو مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆم وەردەگرمەوە.

سپاسی بێپایان بۆ پشتگیری، دڵسۆزی و نزاکانی ئێوەی ئازیز. تکایە لە دوعای خێر بێبەشمان مەکەن.

دكتور عبداللطيف أحمد
5 / 7 / 2026 م



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP