هەرێم نیوز
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئامادەکاری بۆ قۆناغی یەکەم لە بەردەقارەمان
ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەردەقارەمان بە فەرمی دەست بە قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و یاساییەکان تەواو کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم قۆناغەی دابەشکردنەکە ٨١ پارچە زەوی لەخۆ دەگرێت کە بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەسەر ئەو فەرمانبەران و خانەنشینانەدا دابەش دەکرێت کە ناویان گەڕاوەتەوە. پڕۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان لە ڕێگەی سیستمی تیروپشک و بەپێی خاڵبەندیی وردی وەزارەتی شارەوانی دەبێت، ئەمەش بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حکومیی ناوچەکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەتی کارەکان.
جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت
ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدایە کە لە ٢٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا، تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کەرتی گشتی کە لە ڕابردوودا لە هیچ جۆرە زەوی و خانوووبەرەیەکی دەوڵەت سوودمەند نەبوون.
قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆسە نیشتمانییە سەرەتا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە دەستی پێکرد و پاشان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی تری گرتەوە، کە تێیدا ڕووبەری هەر پارچە زەوییەکی تەرخانکراو ٢٠٠ مەتری چوارگۆشەیە و پڕۆسەکە تا سوودمەندبوونی دواین فەرمانبەر بەردەوام دەبێت.