هەرێم نیوز
بڕیارە بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕابەری پێشووی ئێران، مەرجەعە ئایینییەکان لە شارە جیاوازەکاندا نوێژی مردوو لەسەر تەرمەکە ئەنجام بدەن، نەک موجتەبای کوڕی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە ئەمنییەکان لە ئەگەری بەئامانجگرتنی ڕابەری نوێ لەلایەن ئیسرائیلەوە، بووەتە هۆی ناڕوونیی لە بەشداریکردنی لەو ڕێوڕەسمەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، لە تاران "جەعفەر سوبحانی تەبرێزی"، لە قوم "ناسر مەکارم شیرازی" و لە مەشهەد "حسێن نوری هەمەدانی" نوێژی مردوو لەسەر تەرمی خامنەیی و ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەنجام دەدەن. عەلی ئەکبەر پورجەمشیدیان، سکرتێری ناوەندی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە ڕای گەیاند، بڕیاری بەشداریکردنی موجتەبا خامنەیی لە دەسەڵاتی "بەیتی ڕێبەری"دایە و ئەگەر پلانێک هەبێت، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە ڕادەگەیەنرێت.
لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئەمنیی ئێران بە توندی دژی ئامادەبوونی موجتەبا خامنەیین لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لێپرسراوانی ئێران ترسیان هەیە ئیسرائیل ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ شوێنپێهەڵگرتن یان کوشتنی ڕابەری نوێی وڵاتەکە.
شایانی باسە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە کە تێیدا عەلی خامنەیی و بەشێک لە بنەماڵەکەی کوژران، موجتەبا خامنەیی هیچ دەرکەوتنێکی ڤیدیۆیی نەبووە و تەنیا لە ڕێگەی پەیامی نووسراوەوە لەگەڵ ڕای گشتی پەیوەندیی هەبووە، کە ئەمەش پەرەی بە گومانەکان سەبارەت بە سەلامەتی و شوێنی مانەوەی داوە.