هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "ستارس ئەند ستڕایپس"ی سەر بە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتیی هێرشبەری "USS Boxer" کە هێزێکی تایبەتی مارینزی لەسەرە، گەیشتووەتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ هەینی، ٣ـی ٧ـی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە گەورەترین بڵاوەپێکردنی سەربازیی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، کە بریتییە لە دوو فڕۆکەهەڵگر و زیاتر لە ١٥ تێکشکێنەر و کەشتیی جەنگی.
ئەمریکا ئامانجی لەم ستراتیژە ئەوەیە کە لە پاڵ دیپلۆماسیدا، هێزی ڕێگریی سەربازیی خۆی بۆ هەر ئەگەرێکی تێکچوونی گفتوگۆکان بپارێزێت.
ئەم بەهێزکردنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە قەتەر، کە لەسایەی بەردەوامیی گرژییەکان لە گەرووی هورمزدا بەڕێوە دەچێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە ئێران سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی-یە لە تاران، قوم و مەشهەد، کە چەند مەراسیمێکی هاوشێوەش لە عێراق بەڕێوە دەچێت.