دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

لە قەزای ڕزگاری گەنجێک بەهۆی کەوتنە ناو حەوزی ئاوەوە گیانی لەدەستدا

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان ڕایگەیاند، کە ئەمشەو لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە سنووری قەزای ڕزگاری، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ کەوتووەتە ناو حەوزێکی ئاو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە میدیاکانی ڕایگەیاند: "بەم درەنگانی شەوە ئاگادارکراینەوە لە بوونی ڕووداوێکی خنکان لە ناو حەوزێکی ئاودا لە قەزای ڕزگاری (حەسیڕە) لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان."

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی غەواس و مەلەوانیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە تەرمی ئەو گەنجە لە ناو حەوزەکە دەربهێننەوە، کە تەمەنی نزیکەی 19 ساڵە.

سەبارەت بە ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، ئیبراهیم محەمەد وتی، لە ئێستادا تەرمی قوربانییەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شاری کەلار، دواتریش بە مەبەستی ئەنجامدان و تەواوکردنی پڕۆسەی توێکاریی پزیشکی، ڕەوانەی بەشی پزیشکی دادی کەلار دەکرێت و پاشان ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە بۆ بەخاکسپاردنی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP