هەرێم نیوز
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە فەرمی داوای لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی کرد کە ڕێکاری پێویست و یاسایی بەرامبەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد) بگرنەبەر و ڕایانگەیاند کە ناوبراو ئەندامی ئەوان نییە.
دوێنێ چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی میدیایی "درەو"، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەسەر کەیسی (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد) بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لەسەرەتادا بەهۆی ئەوەی ناوبراو فەرمانبەر بووە لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەک چوارچێوەی یاسایی مەبەستمان نەبوو هیچ قسەیەک بکەین، چونکە لیژنەی زانکۆی سلێمانی بۆ کەیسەکە ڕاسپێردرابوو و دواجاریش لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری خۆی دەرکرد."
ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی پێگەی مزگەوت و پیشەی مەلایەتی و وتاربێژی لای ئەوان جێی بایەخە و پێویستی بە پارێزبەندی هەیە، داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و ئەوقافی سلێمانی دەکەن هەڵوێستی پێویست و پەیوەست لەمبارەیەوە وەربگرن.
له کۆتایی پەیامەکەیدا، یەکێتیی زانایانی ئایینی داوای لە هاوڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە، کە لە پەنای ئەم کێشەیەوە هیچ جۆرە سوکایەتییەک بە پیرۆزییەکان، زانایانی ئایینی، مزگەوت و مینبەر نەکەن، چونکە کەس تاوانی کەسی تر هەڵناگرێت و کرداری موسڵمانیش لەسەر ئایینی ئیسلام حیساب ناکرێت.