هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند، کە مەفرەزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە هەستاوە بە ساختەکردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێک بە مەبەستی ئەنجامدانی فێڵکاریی دارایی و بردنی بڕی حەوت هەزار دۆلار لە هاوڵاتییەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تۆمەتبارەکە دەستکاریی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کۆرۆلا)ی کردووە کە بە ناوی خۆیەوە نەبووە، بۆ ئەوەی خۆی وەک خاوەنی فەرمیی ئۆتۆمبێلەکە نیشان بدات. پاشان لە ڕێگەی کارپێکەری کۆمەڵایەتیی "واتساپ"ەوە وێنەی ساڵنامە ساختەکەی بۆ کەسێک ناردووە، بە مەبەستی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لەلای دابنێت بە ڕەهن (بارمتە) و بڕی 7,000 دۆلاری ئەمریکی بە فێڵ لێ وەربگرێت.
پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و پێکهێنانی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، مەفرەزەکانی پۆلیس توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگرن. لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، ناوبراو بە ڕوونی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.