دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

دژەتیرۆر هەڵیکوتایە سەر ماڵی تەیف سامی و ناوچەی سەوز بە تەواوی داخرا

هەرێم نیوز
هەڵمەتی بەرفراوانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی گەیشتە قۆناغێکی پێوانەیی، و لە کۆتا پێشهاتیشدا هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی وەزیری پێشووی دارایی عێراق.

هەڵکوتانە سەر ماڵی تەیف سامی و دیارنەمانی ١٤٠ ملیار دینار
بەپێی دواین زانیارییەکان لە ڕەوتی ئەو ئۆپراسیۆنە گەورەیەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە بەغدا دەستیپێکردووە، هێزێکی تایبەتی دژەتیرۆری عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق. تەیف سامی کە پێشتر تۆمەتبار دەکرا بە کارکردن لە بەرژەوەندیی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئێستا ناوی لە ناو لیستە سەرەکییەکەی گەندەڵیدایە.

ئەم ڕێکارە کتوپڕە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا، مەسعوود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی زەبەلاح لادا و ئاشکرای کرد کە بڕی ١٤٠ ملیار دینار لە ناو وەزارەتی دارایی عێراقدا بە یەکجاری دیار نەماوە، و پرۆسەی چوونە سەر ماڵی وەزیری پێشووش بەشێکە لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە کەمەرشکێنە.

ناوچەی سەوز داخرا و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران بەردەوامە
ماڵپەڕی کەناڵی "العربیة" لە زاری سەرچاوە تایبەتەکانی عێراقەوە چەندین زانیاریی نوێی بڵاوکردووەتەوە و دووپاتی کردووەتەوە کە تەواوی ئەم دەستگیرکردنانە بە فەرمی و بە بڕیاری ڕاستەوخۆی دادوەر ئەنجام دراون. بەهۆی هەستیاریی ئۆپراسیۆنەکەوە، تاوەکو ئێستا تەواوی دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا بە ڕووی هاتوچۆدا داخراون و هێزەکانی دژەتیرۆر سەرقاڵی گەڕان، پشکنین و گەمارۆدانی چەند شوێنێکی دیکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP