هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی بارگرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەییشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە، و تێیدا بڕیاری کتوپڕ و لێکەوتە داراییە قورسەکانی جەنگیان بۆ سەر عێراق ڕاگەیاند.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی دۆخی گەرووی هورمزەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە بەغدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: "وەک دەزانن پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران مێژوویین و ئێران دراوسێیەکی گرنگە بۆ عێراق. جێگەی داخە کە ئەو دراوسێیەمان ڕووبەڕووی جەنگ و هێرش بووەتەوە، و هەڵوێستی فەرمیی عێراقیش ڕوونە کە جەنگ و دەستدرێژی بۆ سەر هەر دەوڵەتێک بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە."
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاستەوخۆ لێکەوتە ئابوورییە کەمەرشکێنەکانی ئەم جەنگەی بۆ سەر وڵاتەکەی ئاشکرا کرد ڕایگەیاند: "بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تەواوی ڕاگیراوە."
جەختیشی کردەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان زیانمەندی سەرەکین لەم جەنگەی ناوچەکەدا، و داوای جێبەجێکردنی دەستبەجێی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
فوئاد حوسێن سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد کە هەمیشە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە و عێراقی لە دواپێشهاتەکانی جەنگەکە ئاگادار کردووەتەوە.
عێراقچی: گەرووی هورمز تەنیا لەژێر چاودێریی ئێراندایە
لەلای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ستایشی هەڵوێستی بەغدای کرد و وتی: "عێراق و ئێران پەیوەندییەکی درێژخایەنیان هەیە و ئێمە سوپاسی هاوکاری بەردەوامی عێراق دەکەین لەم قۆناغەدا."
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامی وڵاتەکەی سەبارەت بە ستراتیژیی ئایندەی جەنگەکە خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەبێت شەڕ لە لوبنان بە تەواوی کۆتایی بێت و ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و لە خاکی لوبنان بکشێتەوە.
عێراقچی جەختی لەسەر پێگەی وڵاتەکەی کردەوە لە گەرووی هورمز و ڕایگەیاند: "تەواوی گەرووی هورمز لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆ و توندی ئێراندایە."