هەرێم نیوز
دوای ئاڵوگۆڕی دووەم شەپۆلی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا، دۆخی ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز بە تەواوی بەرەو تەقینەوەی گەورە هەنگاو دەنێت، بە جۆرێک سوپای پاسداران هەڕەشەی ڕاگرتنی پڕۆسەی دانوستانەکان دەکات و دۆناڵد ترەمپیش بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە.
سوپای پاسداران: دانوستانەکان بە تەواوی ڕادەگرین
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، بە واتای بەزاندنی ماددەی یەکەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دێت و دەبێتە هۆی وەستانی تەواوەتیی پڕۆسەی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوولا."
سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە، بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێراندا واژۆ کراوە، تەواوی ڕێکخستنەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا تەنیا لە دەستی ئێراندایە. سوپای پاسداران هۆشداریی دا و وتی: "هەر دەستدرێژییەکی نوێ بە هەر بیانوویەک بێت، تەنانەت ئەگەر دژ بە ئامانجی ناگرنگ و بچووکیش بێت، بە وەڵامێکی یەکجار توند بەرپەرچ دەدرێتەوە و لەمەودوا بە توندتر لە پێشوو مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەکەین کە سەرپێچیی ڕێنماییەکانمان دەکەن لە گەرووی هورمزدا."
ترەمپ: ئەگەر کارەکە بە سەربازی یەکلایی بکەینەوە ئێران بوونی نامێنێت
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پەیامێکی کتوپڕ و توند هێرشی پێچەوانەی کردە سەر تاران و هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیری کرد. ترەمپ نووسیویەتی: "ڕەنگە کاتێک بێتە پێشەوە کە ئیتر نەتوانین بە عەقڵانیانە مامەڵە بکەین. دوای ئەوەی بەو شێوەیە سەرکەوتووانە دەستمان پێکرد، ئەگەر ناچار بین ئەو ئەرکە لە ڕووی سەربازییەوە بە کۆتایی بگەهێنین، ئەوا پێویستە هەموان بزانن کە ئەگەر ئەوە ڕووبدات، کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی نامێنێت."
لێدانی دووبارەی کەشتییەکان و بۆردومانکردنی دوورگەی قشم
ئەم هەڕەشە توندانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەمریکا درەنگانێکی شەوی شەممە ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناو "دوورگەی قشم"ی سەر بە ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، دوای هێرشەکانی پێشووی ئەمریکا کە وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ لێدانی کەشتیی (M/V Ever Lovely)، دەرفەتێکی تەواو درایە ئێران بۆ ئەوەی پابەندی ئاگربەست بێت، بەڵام تاران شەڕی هەڵبژارد کاتێک هێزەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشیان کردە سەر کەشتیی نەوتهەڵگری "کیکۆ"، بۆیە واشنتن دەستبەجێ دوورگەی قشمی بۆردومان کرد.
پاشخانی ململانێی ئاوەکان و لێکتێگەیشتنی سویسرا
لە پشت پەردەی ئەم شەڕە مەیدانییەوە، ململانێیەکی قورسی ئابووری هەیە؛ واشنتن کار لەسەر بەرەوپێشبردنی ڕێگایەکی نوێی دەریایی لە ناوچەی باشوور بە درێژایی کەناراوەکانی عومان دەکات، لە کاتێکدا تاران بە توندی دەیەوێت کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان ناچار بکات ڕێگای باکوور بگرنەبەر کە بە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا باج و پارە بەسەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا بسەپێنێت.
ئەم تەقینەوە سەربازییە نوێیە تەنیا هەفتەیەک دوای خولێکی چڕی دانوستانەکان دێت لە وڵاتی سویسرا، کە بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو؛ کە تێیدا واشنتن وەک نیازپاکی بەشێک لە سزاکانی سەر تارانی هەڵگرت، بەڵام جارێکی تر شەڕی درۆن و تۆمەتەکان دەستیپێکردەوە و لێکتێگەیشتنەکانی خستە بەردەم مەترسیی هەرەسهێنان.