هەرێم نیوز
ڕۆژی شەممە، 27ـی 6ـی 2026، 66 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز پێچەوانەی بەڵێنی بەرپرسان و هەڵەیەکی ستراتیژییە، جەختیشیان لەوە کردەوە کە نابێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بکرێتە بابەتی دانوستان.
ئەندامانی ئەنجوومەنەکە ئاماژەیان بەوە کرد، لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتندا پێویستە پابەندبوون بە هێڵە سوورەکانەوە بکرێتە ئەرکێکی شەرعی و لادان لێی قبوڵکراو نییە.
هەروەها داوایان لە تیمەکانی دانوستانکار کرد کە لە بەرامبەر سیناریۆکانی بەرامبەردا هوشیار بن. بەشێکی دیکەی بەیاننامەکە تایبەت بوو بە بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، کە بە پێشێلکردنی تێگەیشتنەکان وەسف کرا.
لە بەیاننامەکەدا داواکاری بۆ سزادانی سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل خرایە ڕوو. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە توندانەدا، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێشتر ڕای گەیاندبوو، ئەم تێگەیشتنە بە زیاتر لە ٩٠٪ـی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی پەسەند کراوە و هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستیان پێ کردووە.