هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە 28ـی 6ـی 2026، دەست بە خەرجکردنی مووچەی وەزارەت و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هیچ ئاستەنگێکی سەرەکی لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نییە و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەم هەفتەیە ڕێکارەکان دەست پێ بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی 6ـی 2026، بەپێی زانیارییەکان، پلانەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە پێش 1ـی تەمموز تەواوی فەرمانبەرانی حکوومەتی فیدراڵ مووچەکانیان وەربگرن.
لە بەرامبەردا، کێشەی داهاتی ناوخۆ هێشتا وەک بابەتێکی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەولێر و بەغدادا ماوەتەوە.
بەغدا جەخت لەسەر وەرگرتنی بڕی 120 ملیار دینار وەک پشکی داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر ئەو پارەیە نەگات، لە پشکی مووچەی هەرێم کەمی دەکەنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دابەزینی ئاستی داهاتەکان، توانای ڕادەستکردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بڕیارە سبەی یەکشەممە شاندێکی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆ ببێتەوە.
شاندی هەرێم پێشنیارێکی نوێ دەخاتە ڕوو کە تێیدا ئامادەیییان دەربڕیوە بە ڕێژەی 50٪ـی داهاتی ڕاستەقینەی نانەوتیی هەرێم ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵ بکەن، بە جۆرێک ڕادەستکردنەکە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاستی داهاتی مانگانەدا.