هەرێم نیوز
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی "سولی فێست" لە شاری سلێمانی، بە فەرمی ڕوونکردنەوە لەسەر هۆکاری گۆڕانکاری لە نرخی بلیتی چوونەژوورەوەی پارکی هەواری شار دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە بڕیارەکە ڕەهەندێکی مرۆیی هەیە.
هەنگاوێکی مرۆیی بۆ پاڵپشتیی نەخۆشخانەی هیوا
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، لیژنەی سەرپەرشتیی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو پارکی گەشتیاریی هەواری شار لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ هەزار و ٥٠٠ دینار، بە هیچ شێوەیەک بۆ مەبەستی قازانجی بازرگانی نییە. ڕوونیشیان کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی نیشتمانییە، بەوپێیەی داهاتی ئەو بلیتە تەرخان دەکرێت بۆ زیادکردنی هاوکارییە دارایی و پزیشکییەکان بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، کە لە ئێستادا پێویستیان بە پشتیوانی، بەدەمەوەچوون و هیوابەخشیی هەموو لایەک هەیە.
بەرجەستەکردنی بەها مرۆییەکانی سلێمانی
سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا تەئکیدیان کردووەتەوە، کە فێستیڤاڵی سولی فێست تەنیا بۆ کاتبەسەربردن، بازرگانی و خۆشی نییە، بەڵکو دەستپێشخەری و شوێنێکە بۆ نیشاندانی ڕۆحی هاوکاری، بەرجەستەکردنی بەها باڵا مرۆییەکان و سەلماندنی پابەندبوونی هەمیشەیی خەڵک و شاری سلێمانی بە خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.