هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەیانی سبەی یەکشەممە، 28ـی 6ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردانێکی فەرمیدا دەگاتە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی 6ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە زنجیرەیەک گفتوگۆی گرنگ لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لە بواری پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئابووری، وزە، گواستنەوە و بازرگانی.
جەختیش کراوەتەوە، عێراقچی لەم سەردانەدا سوپاسی فەرمیی وڵاتەکەی دەگەیەنێتە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەو هەڵوێستە ڕەسمی و میللییانەی کە لە کاتی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا نیشانیان داوە.
بەپێی زانیارییە دیپلۆماسییەکان، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆی سیاسی و ئەمنی فراوان لەخۆ دەگرێت، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەماهەنگییەکی بەهێزتر بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
تاران و بەغدا دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانیان لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکەدا دابڕێژن.