دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران: گەرووی هورمز خاکی ئێرانە و پەیوەندیی بە ئەمریکاوە نییە

هەرێم نیوز

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی سەرجەم بانگەشەکانی بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی هەبوونی هێڵی پەیوەندیی هێمن و ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەسەر دۆخی گەرووی هورمز ڕەت دەکاتەوە.

هورمز خاکی ئێرانە و پەیوەندیی بە ئەمریکاوە نییە
سەردار حوسێن موحێبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی واشنتن ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بەشێکی دانەبڕاوە لە خاک و سنووری دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاراستنی ئاسایشەکەی تەنیا لە ئەستۆی ئێراندایە، بۆیە ئەم دۆسیەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە نییە.

ڕەتکردنەوەی هێڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن
وتەبێژی سوپای پاسداران بە توندی ئەو دەنگۆیانەی بێبنەما کرد کە باس لە دروستکردنی هێڵێکی گەرمی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ دەکەن لە نێوان هێزە سەربازییەکانی تاران و واشنتن بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی ناو گەرووەکە. سەردار موحێبی وتی: "ئێمە بە فەرمی ڕادەگەیەنین کە ئەم جۆرە دەنگۆیانە تەنیا قسەی هەڵبەستراوی ڕووتن و بە توندی ڕەتیان دەکەینەوە؛ هەبوونی هێڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێمە و ئەمریکادا نە ڕوویداوە و نە لە داهاتووشدا ڕوودەدات."

ئەم گوتە توندانەی وتەبێژی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە ناوچەی گەرووی هورمز بەهۆی جموجۆڵی هێزە دەریاییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە، ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ لە ئاڵۆزی و ململانێی سەربازی بووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP