دواین هەواڵ

جیهان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەنیاهۆ: هێزەکانمان لە باشووری لوبنان دەمێننەوە و کشانەوە لە کارنامەماندا نییە

هەرێم نیوز

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان دەمێننەوە و کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوچە ئەمنییەکاندا دەپارێزن، جەختیشی کردەوە کە بڕیاری کشانەوە لەو ناوچانە بە هیچ شێوەیەک لە کارنامەی ئەواندا نییە.

دوێنێ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی فەرمیدا دۆخی سەربازیی بەرەی باکووری وڵاتەکەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، مانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو شوێنانەی کەوتوونەتە ژێر دەستیان لە ناوچەکانی باشووری لوبنان، تاوەکو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە پێویستییە ئەمنییەکان وا بخوازن.

سەبارەت بە هۆکاری پشت ئەم بڕیارە ستراتیژییە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی لە پێشینەی حکومەتەکەی، پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و تێکڕای هاوڵاتیانی ئیسرائیلە لە هەڕەشە دەرەکییەکان.

نەتەنیاهۆ دووپاتی کردەوە، پارێزگاریکردن لەو ناوچە و خاڵە ستراتیژییانەی کە لە ناوخۆی خاکی لوبناندا کۆنترۆڵ کراون، زامنی ڕاستەقینەی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیلە و وەک قەڵغانێکی ئەمنی و پێشوەختە بۆ ڕێگری لە هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر وڵاتەکەی بەکاری دەهێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP