هەرێم نیوز
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە لێدوانە فەرمییەکانی ئێران گرت و ڕایگەیاند کە وتارەکانی تاران تەواو پێچەوانەی ڕاستی و کردارەکانیانە لەسەر ئەرزی واقیع، جەختیشی کردەوە کە واشنتن بە وردی چاودێریی سەرجەم هەڵسوکەوتەکانی ئێران دەکات.
دوێنێ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "سکای نیوز عەرەبی" هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران. ئەم وتانەی ڕۆبیۆ لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزاریی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و ئەمریکا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین هات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێوەری ڕاستەقینە بۆ واشنتن ناوەڕۆکی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان نییە، بەڵکو پاراستنی ئاسایش و بەردەوامیی جووڵەی سەرجەم کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکانە لە گەرووی هورمزدا بەبێ دروستبوونی هیچ گرفت و بەربەستێک.
مارکۆ ڕۆبیۆ هۆشداریی توندی دایە بەرپرسانی تاران و ڕایگەیاند: "هەر جۆرە هەڕەشەیەکی کردەیی بۆ سەر کەشتییەکان یان هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە هاتوچۆی ئازادی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا، لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەک پێشێلکردنی ڕوونی ڕێککەوتنەکان تەماشا دەکرێت، و ئەمریکاش لە بەرامبەر هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیەدا هەڵوێستی توند، کردەیی و یەکلاکەرەوەی دەبێت."