هەرێم نیوز
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانێکی چڕی ئامادە کردووە تاوەکو لە قۆناغی پاش شەڕدا، ساڵانە بڕی ٤٠ ملیار دۆلار وەک باج و کرێی خزمەتگوزاریی ئاسایش لە گەرووی هورمز کۆبکاتەوە، بەڵام ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداو بە توندی پڕۆژەکە ڕەت دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تاران لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی وەرگرتنی پارە لەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش، سەلامەتی و ژینگە، داهاتێکی خەیاڵی کۆبکاتەوە. بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئاگادار، ئەگەر ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ بکرێت، نەختینەییەکی زەبەلاح و هەژموونێکی بێپێشینە دەبەخشێتە تاران کە پێش شەڕ نەیبووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕژێمی ئێران بۆ ئەم پلانەی چاوی لە مۆدێلە هاوشێوەکانی جیهانە، بە تایبەت گەرووی "دەردەنیل" کە تێیدا تورکیا بەپێی سیستەمی "فرانکی زێڕین" باج لەو کەشتیانە وەردەگرێت کە بە دەریای ئیجەدا (کە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە) تێپەڕ دەبن. تاران بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی نێودەوڵەتی، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت تا پەکینیش پڕوپاگەندە بۆ پڕۆژەکە دەکات و دەیەوێت وڵاتانی کەنداویش پشکیان لەو داهاتەدا هەبێت تاوەکو هاوکاری بن.