هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ پلان یان ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ڕێگە بە تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدرێت پشکنین بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کۆبوونەوەی نێوان تاران و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە سویسرا دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت و بە "دووفاقی" ناوی برد، لە بەرامبەردا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین و نەیجەری کرد.
سەبارەت بە دۆسیەی دارایی و ئابووری، بەقایی جەختی کردەوە کە سەرجەم داراییە ئازادکراوەکان و داهاتی نەوت، بەبێ هیچ مەرجێکی دەرەکی و تەنها لەلایەن دامەزراوە ئابوورییەکانی ناوخۆی ئێرانەوە بڕیاری خەرجکردنیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەدرێت.
دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن، ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە کراوە، بەڵام بەهۆی لێدوانەکانی لایەنی ئەمەریکییەوە، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ نەکراوە.گ
سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتنی سەرەتایی، هێشتا پێویست بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ئارامی لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت.