هەرێم نیوز
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگاتە بەغدای پایتەخت، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی تاران.
کارنامەی سەردانەکە؛ لە دانوستانەکانی سویسراوە بۆ ڕێوڕەسمە ئایینییەکان
کەناڵی "مەیادین"ی لوبنانی کە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی تارانەوە نزیکە، بڵاویکردەوە کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی فەرمیی عێراق بکات و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئەنجام بدات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەناڵە، عێراقچی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، پوختەی دەرئەنجامی دانوستانە تەکنیکییەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنتن لە سویسرا دەخاتەڕوو. هاوکاوت، بەشێکی تری گەشتەکەی تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییە لۆجستی و ئەمنییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی هێنان و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ کە بڕیارە لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا و پێش بەخاکسپاردنی لە شاری مەشهەد، لە ڕۆژی ٨ی تەموزی داهاتوودا تەرمەکەی بهێنرێتە شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا لە عێراق.
بێدەنگیی فەرمیی تاران و بەغدا
سەرڕای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە ستراتیژییانە لە میدیا عەرەبییەکاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا چ لە لایەن حکوومەتی عێراق و چ لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، هیچ ڕوونکردنەوە یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی کارنامەی وردی سەردانەکەی عێراقچی و ئەو بابەتانەی کە بڕیارە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.