دواین هەواڵ

ئابوری‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی عێراق دەنگۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و چاپکردنی دیناری نوێ ڕەت دەکاتەوە!

هەرێم نیوز
حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بە فەرمی دەنگۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختینەیی و نرخی دراوەکان ڕەت دەکاتەوە و هاوکات ستراتیژییەتێکی نوێی ئابووری بۆ ڕزگارکردنی بودجەی وڵات لە پشتبەستنی ڕەها بە داهاتی فرۆشتنی نەوت ئاشکرا دەکات.

ڕەتکردنەوەی چاپکردنی دینار و گۆڕینی نرخی دۆلار
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە چاپکردنی دراوی نوێ یان بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەکەن.

عەبوودی جەختی کردەوە کە حکوومەت هیچ نیازێکی لەم شێوەیەی نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی نەختینەیی، چونکە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە هەرگیز خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و هاوڵاتیان ناکەن، بەڵکو تەنیا بارگرانیی دارایی و گرانیی زیاتر لە بازاڕەکاندا دروست دەکەن.

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە تەمەنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق تەنیا یەک مانگ و نۆ ڕۆژە، بەڵام بە بوێرییەوە لە دۆسیە دارایی و کارگێڕییەکان نزیک بووەتەوە تاوەکو متمانە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا بونیاد بنێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە بۆ ماوەیەکی کاتی تووشی پەککەوتن بوون و کاریگەرییان لەسەر قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دروست کردبوو.

عەلی زەیدی و پلانی گۆڕینی هاوکێشەی بودجەی عێراق
حەیدەر عەبوودی ئاشکرای کرد کە ، عەلی زەیدی، سەرۆکایەتیی لیژنەیەکی باڵا و تایبەت دەکات کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بودجەی فیدراڵی بە داهاتی نەوت لە ٩٠%ەوە بۆ تەنیا ٤٥% لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا. ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، بەدیجیتاڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، ڕێکخستنەوەی سیستمی گومرگ و چالاککردنی شێوازە نوێیەکانی کۆکردنەوەی پارە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

گوتەبێژی حکوومەت ستایشی پێگەی عەلی زەیدی کرد و ڕایگەیاند کە ناوبراو یەکێکە لەو کەسایەتییە ئابوورییە نیشتمانییانەی کە دەسەڵات و پۆست بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و گەندەڵی بەکارناهێنێت، تەنانەت بەڵێنی داوە کە هیچ جۆرە مووچەیەک لە حکوومەتی عێراق وەرنەگرێت.

عەبوودی وتیشی، زەیدی بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا خۆی کاندید ناکات و سەرقاڵی بونیادنانی هیچ پارتێکی سیاسی نابێت؛ بەمەش خۆی لە کێبڕکێ و حیساباتی پێشوەختەی حزبی ڕزگار کردووە تاوەکو بە تەواوی سەرنجی لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی خەڵک بێت لەم قۆناغە هەستیارەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP