هەرێم نیوز
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە یەدەگی نەوتی ستراتیژیی وڵاتەکە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە پاش ساڵی ١٩٨٣ـەوە، هاوکات بانکی فیدراڵیش هۆشداری لە دروستبوونی شۆکێکی نوێی هەڵاوسان دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی 6ـی 2026، بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەفتانەی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، یەدەگی نەوتی ستراتیژیی ئەمریکا لە ماوەی ئەو هەفتەیەی کە لە ١٢ـی حوزەیراندا کۆتاییهاتووە، بە ڕێژەی ٨.٩٥١ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. بەمەش کۆی گشتیی یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکە کەمبووەتەوە بۆ ٣٤٠.٢٥١ ملیۆن بەرمیل، کە ئەمەش نزمترین ئاستی تۆمارکراوە لە دوای مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٨٣ـەوە.
ئەم دابەزینە پێوانەیییە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی وزەی جیهان بەهۆی گرژی و ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، ڕووبەڕووی کەمبوونی خستنەڕوو بوونەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئۆستان گولسبی، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی یەدەگی شیکاگۆ، هۆشداریی توندی دا لەوەی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە پاشخانی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی "شۆکی هەڵاوسان"، کە لە ئێستاوە کورتخایەن و درێژخایەن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابوورییەکانی کیشوەری ئاسیا دروستکردووە.
سەرۆکی بانکی فیدراڵیی شیکاگۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکەوتە و کاردانەوە ئابوورییەکانی ئەم قەیرانە گەورەیە، زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەردەوام بوون و زیانیان گەیاندووە.