هەرێم نیوز
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (شورای ئیسلامی)، ڕایگەیاند کە وەرگرتنی تێچووی خزمەتگوزارییەکانی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز لە نێو دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێدا جێگیر کراوە، جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی سەروەریی تەواوی بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی 6ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی لە زاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر کەناراوەکانی گەرووە ئاوییەکان، لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا خاوەن کۆمەڵێک ماف و ئەرکن، لەوانەش کە دەبێت وڵاتانی دیکە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانە بدەن کە پێیان پێشکەش دەکرێت.
قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە: "خودای گەورە دوژمنانی ئێرانی لە گەمژەکان خولقاندووە، چونکە کار و فشارەکانی ئەوان بوونە هۆی ئەوەی کە توانای شاراوە و بالقوەی ئێران لە گەرووی هورمزدا ببێتە هێزێکی ڕاستەقینە و بالفعل."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختیشی کردەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی مافی سەروەرییە لە گەرووی هورمزدا، بۆیە بە شێوەیەکی سروشتی لەمەودوا لە بەرامبەر پێشکەشکردنی هەر خزمەتگوزارییەکی دەریایی، تێچوو و باج لە کەشتییەکان وەردەگرن.