هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ڕۆما، لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی 5ـی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆمای پایتەخت لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەتەوە.
لەم دیدارەدا، باس لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنیدا کراوە، هاوکات پرسی هاریکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بە بایەخەوە هەڵسەنگێنراوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی هەرێم و عێراقی بۆ ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری پێشکەشکردنی ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بەرامبەریشدا، گویدۆ کرۆسێتۆ جەختی لە بەردەوامیی پابەندی و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئیتاڵیا لە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی بۆیان بەردەوام دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی ئەو گرژییانەیان کرد کە لە ئێستادا هەن.
لەم بارەیەوە، سەرۆکی هەرێم و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بەتەواوی هاوڕا بوون.