هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە پارێزگاری نەجەف، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق دەربڕی، لە بەرامبەریشدا پارێزگاری نەجەف خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێم لە پرسی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان نیشان دا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی 5ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، پێشوازی لە یوسف مەککی گەنناوی، پارێزگاری نەجەف و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بەگشتی و پارێزگای نەجەف بەتایبەتی، لە سەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
لای خۆیەوە، پارێزگاری نەجەف ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە مەبەست لەم سەردانە، پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکانە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت بەتەواوی سوود لەو چاکسازییانە و ئەزموونە سەرکەوتووەی حکومەتی هەرێم وەربگرن کە لە کەرتە جیاوازەکاندا ئەنجامی داوە، بەتایبەتی لە پرسی گرنگی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.