هەرێم نیوز
نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، سەلاحەدین بەهائەدین دەستپێشخەرییەکەی بۆ چارەسەری چەقبەستوویی سیاسی و کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ڕادەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، و هەردوولاش لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان هاوڕا بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی 5ـی 2026، نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی نێوان سەلاحەدین بەهائەدین و مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوای ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ساردییەی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، سەلاحەدین بەهائەدین بە یاوەریی شاندێکی مەکتەبی سیاسی سەردانی مەسرور بارزانی کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراوە، و هەردوولا بە گرنگییەوە جەختیان لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
هاوکات ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، یاداشتی دەستپێشخەرییەکەی بۆ چارەسەری دۆخەکە خستووەتە بەردەم سەرۆکی حکومەت.
نووسینگەکەی سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێز و سوپاسەوە یاداشتەکەی وەرگرتووە.
لە بەرامبەریشدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستووەتە سەر تەنگژە و ئاستەنگەکان و بەتەواوی هاوڕا بووە لەسەر پێویستی و زەروورەتی نانی هەنگاوی کرداری بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد.