هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) ڕایدەگەیەنێت، کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکانی لە عوممان، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پاکستان، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بەشێک لە شاندەکەی بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و ڕاوێژی زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ تاران.
شەممە شەو، 25ـی 4ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تەواوبوونی دیدارەکانی لە پاکستان و گەیاندنی هەڵوێست و دیدگاکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە وردەکاریی هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ، گەیشتە مەسقەتی پایتەختی عوممان.
بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، بڕیارە عێراقچی دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ عوممان و پێش ئەوەی بەرەو ڕووسیا بەڕێ بکەوێت، جارێکی دیکە سەردانی پاکستان بکاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە، کە بەشێک لە شاندی یاوەری وەزیری دەرەوە لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ ئیسلام ئاباد، بۆ مەبەستی ڕاوێژکردن و وەرگرتنی ڕێنمایی و دەستووری پێویست لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە کۆتایهێنان بە جەنگ، گەڕاونەتەوە بۆ تاران.
بڕیاریشە شەوی یەکشەممە ئەو شاندە لە ئیسلام ئاباد جارێکی دیکە بە وەزیری دەرەوەی ئێران شاد ببنەوە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە چڕانەی تاران لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی کتوپڕ گەشتی نوێنەرەکانی بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە و مەرجی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆی بۆ ئێرانییەکان داناوە.