دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران چوارچێوەیەکی کردەیی بۆ کۆتایهێنانی یەکجاری بە جەنگ ئامادە کردووە

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ پاکستان، گومانی وڵاتەکەی لە جدییەتی ئەمریکا بۆ چارەسەری دیپلۆماسی ڕادەگەیەنێت، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە تاران چوارچێوەیەکی کردەیی بۆ کۆتایهێنانی یەکجاری بە جەنگ ئامادە کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 4ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی سەردانەکەی بۆ ئیسلام ئاباد کردووە و ڕایگەیاندووە: "سەردانێکی زۆر بەرهەمدارم بۆ پاکستان ئەنجام دا، ئێمە هەوڵە برایانەکانی ئەو وڵاتە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکەمان بەرز دەنرخێنین."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عێراقچی تیشکی خستووەتە سەر کرۆکی گفتوگۆکانی و دەڵێت: "لە میانی دیدارەکانمدا، هەڵوێستی ئێرانم سەبارەت بە چوارچێوەیەکی کردەیی بۆ کۆتایهێنانی یەکجارەکی بەو جەنگەی کە دژی وڵاتەکەمان هەڵگیرساوە، خستە ڕوو."

وەزیری دەرەوەی ئێران گومانی قووڵی وڵاتەکەی لە هەڵوێستەکانی واشنتن بۆ چارەسەری قەیرانەکان نەشاردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێشتا ماوە بزانن و ببینن ئایا ئەمریکا بەڕاستی لە بژاردەی دیپلۆماسیدا جدییە یان نا.

جێگەی باسە، عەباس عێراقچی ڕۆژی هەینی، 24ـی 4ـی 2026، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسلام ئاباد و ئەمڕۆش چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەنجام دا. پاش تەواوبوونی دیدارەکانی، وەزیری دەرەوەی ئێران پاکستانی بەرەو مەسقەتی پایتەختی عوممان جێهێشت، ئەوەش بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP