هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانیی چین ڕایدەگەیەنێت، کە دژایەتیی توندی خۆیان بۆ بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا دەردەبڕن سەبارەت بە خستنەناوی چەند کۆمپانیایەکی چینی بۆ نێو لیستی سزاکانی سەر ڕووسیا، هاوکات هۆشداریش دەدات کە ئەوروپا بەرپرسیار دەبێت لە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 4ـی 2026، وەزارەتی بازرگانیی چین لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنەی توندی لە ٢٠ـەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا گرت. ئەم سزایانە ئەو کۆمپانیا و دابینکەرانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە گەیاندنی کەرەستەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و کاڵای "دوو لایەنە" (بەکارهێنانی مەدەنی و سەربازی) بە پیشەسازییە سەربازییەکانی ڕووسیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەم هەنگاوەی برۆکسل پێچەوانەی ئەو لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییانەیە کە لە نێوان سەرکردەکانی چین و یەکێتیی ئەوروپادا هاتووەتە ئاراوە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، کە ئەم بڕیارە بە جددی متمانەی دوولایەنە و سەقامگیریی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تێکدەدات.
وەزارەتی بازرگانیی چین جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بێدەنگ نابن و ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیا چینییەکان. هاوکات هۆشداریی توندی دایە یەکێتیی ئەوروپا و ڕایگەیاند: "لایەنی ئەوروپی بەرپرسیار دەبێت لە هەموو ئەو لێکەوتە خراپانەی کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە دروست دەبن."
ئەم گرژییە نوێیەی نێوان بەیژینگ و یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە، کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی هاوکاریی سەربازیی ڕووسیا دەکەن لە جەنگی ئۆکرانیادا، توندتر بوونەتەوە.