دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ سەردانی تیمی دانوستانکاری ئەمریکای بۆ دیداری ئێرانییەکان هەڵوەشاندەوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە بڕیاری داوە سەردانی تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی بۆ دیداری ئێرانییەکان لە ئیسلام ئاباد هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ شکستێكی دیکەی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: "بڕیارم داوە سەردانی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر بۆ دیدار لەگەڵ ئێرانییەکان لە ئیسلام ئاباد هەڵوەشێنمەوە."

 ترەمپ بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە وتیشی: "هەموو کارتەکانمان لەبەردەستە و ئێرانییەکان هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی حکوومیی پاکستانەوە بڵاویکردەوە، کە شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانیان جێهێشتووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شاندی ئێران تێڕوانین و تێبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕێککەوتن، ئاگربەست و کۆتایهێنان بە جەنگ، لە ڕێگەی پاکستانەوە ئاراستەی ئەمریکا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە میدیا فەرمییەکانی ئێران تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی عەباس عێراقچی لەگەڵ پاکستانییەکان ئاشکرا نەکردووە.

بەگوێرەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا بێت، جارێکی دیکە هەوڵەکانی واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی پاکستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتایهێنان بە جەنگ، گەیشتوونەتە بنبەست و شکستیان هێناوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP